مالبه رى سه ره كى

الجمعة، 18 مارس، 2011

مام جلال نامه يك بو ئه ندامانى ئه نجومه نى كاتى سه رايى ئازادى ده نريت


به‌ڕێزان ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادی
به‌سڵاوێكی برایانه‌ی گه‌رمه‌وه‌، ده‌مه‌وێ پێتان رابگه‌یه‌نم كه‌:
1- ئێمه‌ مانان- هاوپه‌یمانی كوردستانی- پیشتیوانی كۆبونه‌وه‌ و خۆپیشاندان و مانگرتنی هێمنانه‌ و ئاشتیانه‌ین، و به‌توندی دژی هه‌موو جۆره‌ توندوتیژی و چه‌ك به‌كارهێنان و زه‌بروزه‌نگ به‌كارهێنانی دژی خۆپیشانده‌رانین و داواده‌كه‌ین كه‌ دادگا له‌ هه‌موو پێشێلییه‌كی یاسا دژی خۆپیشانده‌ران بكۆڵێته‌وه‌ و تاوانباران سزای خۆیان وه‌رگرن.
2- ئێمه‌ مانان پیشتیوانی هه‌موو داخوازییه‌ ره‌واكانتانین و هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ په‌له‌كردن له‌ به‌دیهێنان و دابینكردنی ژیان و ئازادی بۆتان.
3- ئێمه‌ مانان پیشتیوانی ته‌واوی هه‌موو خاڵه‌كانی نامه‌كه‌ی كاك د.به‌رهه‌م ساڵح ده‌كه‌ین بۆتان و له‌گه‌ڵیا هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ به‌زوویی جێبه‌جێكردنیان.
4- ئێمه‌ مانان سورین له‌سه‌ر ده‌ست كردنی ده‌ستبه‌جێ به‌ چاكسازیی و پاكسازیی و له‌ ره‌گوڕیشه‌ هه‌ڵكه‌ندنی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی هه‌روه‌ك سوریشین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی (17) خاڵه‌ بڕیار لێ دراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و كردنیان به‌به‌رنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ جێبه‌جێكردنێكی به‌كرده‌وه‌.
5- هه‌موو لاوان و گه‌نجانی وه‌ك ئێوه‌ش به‌ رۆڵه‌ و جگه‌رگۆشه‌ی خۆمان ده‌زانین، هه‌ربه‌و چاوه‌ش ده‌ڕوانینه‌ داخوازییه‌كانتان.


هه‌رشاد و سه‌كه‌وتوبن


برای دڵسۆزتان
مام جه‌لال

رولى سه روك مام جه لال وه ك نوينه رو سومبولى يه كيتى عيراقيه كان به رز نه رخاند

ێواره‌ی رۆژی 17-3 سه‌رۆك مام جه‌لال له‌شاری به‌غدا پێشوازیكرد له‌نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و له‌دیدارێكدا گفتوگۆكرا سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی گشتی وڵات له‌به‌ر رۆشنایی دوایین گۆڕانكاری و ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی كه‌ گۆڕه‌پانی سیاسی عیراق له‌چه‌ند لایه‌نێكه‌وه‌ به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، پێویستی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت دوپاتكرایه‌وه‌ له‌پێناو باشتركردنی ئه‌دای ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی كه‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌مانگی پێشوودا بڕیاری له‌سه‌ردابوو.
سه‌رۆك تاڵه‌بانی سڵاوی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی به‌ده‌وڵه‌تی سه‌رۆك وه‌زیر گه‌یاندو روناكی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.
له‌ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه‌دا، وتوێژكرا سه‌باره‌ت به‌هاوپه‌یمانێتی مێژوویی نێوان هه‌ردوولاو كاركردن بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ كه‌له‌خزمه‌تی گه‌لی عیراقدا بێت به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال له‌شاری به‌غدا پێشوازیكرد له‌وه‌فدێكی لیستی عیراقییه‌ی سپی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و له‌دیدارێكدا سه‌رۆك تاڵه‌بانی به‌خێرهاتنی وه‌فده‌كه‌ی كردو هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن كه‌له‌ڕێی هاوپه‌یمانێتیه‌ نوێیه‌كه‌یانه‌وه‌ بتوانن خزمه‌تی نیشتمان و گه‌ل و پته‌وكردنی بنه‌ماكانی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كوتله‌كانی تری په‌رله‌مان بكه‌ن، گرنگی به‌شداری هه‌موانی له‌بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و دیموكراسیدا دوپاتكرده‌وه‌، له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنیدا، سه‌رۆك تاڵه‌بانی ئاماژه‌یكرد بۆ بارودۆخی ئێستای عیراق و پێویستی كاركردنی پێكه‌وه‌یی له‌پێناو به‌دیهێنانی داخوازی گه‌ل و پشتیوانی حكومه‌ت و بڕیاردان به‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵ و له‌ده‌ستنه‌دانی هه‌ر ده‌رفه‌تێك بۆ گه‌شه‌پێدانی ئه‌م حكومه‌ته‌و ته‌واوكردنی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ماون بۆ پێكهاته‌ی حكومه‌ت به‌ئاڕاسته‌ی گه‌شه‌پێدان و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی وه‌زاری حكومه‌ت، گرنگی ته‌بایی سیاسی دوپاتكرده‌وه‌ كه‌چه‌ندین كێشه‌ی چاره‌سه‌ركردووه‌و چه‌ندین كێبڕكێی یه‌كلاییی كردووه‌ته‌وه‌، له‌ڕێی ئه‌و ته‌باییه‌ سیاسیی و ئاشتیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ توانیویه‌تی فیتنه‌ی تایه‌فی نه‌هێڵێت.
لای خۆیه‌وه‌ مامۆستا حه‌سه‌ن عه‌له‌وی به‌ناوی لیستی عیراقیی سپی و ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌، سوپاسی سه‌رۆك تاڵه‌بانی-یان كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌و ئاماژه‌یان كرد بۆئه‌وه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌میشه‌ نوێنه‌رو سومبولی یه‌كێتی عیراقیه‌كانه‌و روناكیشی خسته‌سه‌ر سروشت و پێكهاته‌ی لیسته‌ نوێیه‌كه‌یان، هیواشی خواست كه‌لیسته‌كه‌یان رۆڵێكی ئیجابی ببینێت له‌پرۆسه‌ی سیاسی و په‌رله‌مانیدا، دوپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌هاتنه‌كایه‌ی بزوتنه‌وه‌ نوێیه‌ سیاسییه‌كان بابه‌تێكی ته‌ندروست و ئاسایییه‌، له‌ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه‌دا بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی سیاسی وڵات و به‌تایبه‌ت ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌پێشكه‌شكردنی باشترین خزمه‌تگوزاری بۆ جه‌ماوه‌رو پێویستی به‌دیهێنانی پێداویستیه‌كانیان و گوێگرتن له‌داواكارییه‌كانیان.
هه‌روه‌ها هه‌ر ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ سه‌رۆك مام جه‌لال له‌كۆشكی سه‌لام له‌شاری به‌غدا، چاویكه‌وت به‌ ئه‌كمه‌لدین ئیحسان ئۆغلۆ ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی كۆنگره‌ی ئیسلامی و وه‌فدی هاورێی.
له‌و دیداره‌دا كه‌هوشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و نه‌سیر عانی سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ئاماده‌یبون بارودۆخی ناوچه‌كه‌ تاووتوێكرا، سه‌رۆك تاڵه‌بانی گرنگی دیموكراسی له‌ناوچه‌كه‌دا دوپاتكرده‌وه‌، ئاماژه‌شی كرد بۆئه‌وه‌ی یه‌كه‌مین ده‌ركه‌وتنی دیموكراسی له‌عیراقدا بووه‌، و چاره‌سه‌ریشه‌ بۆ هه‌موو كێشه‌كان، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك تاڵه‌بانی وتی: عیراق به‌رده‌وامه‌ له‌و كاروانه‌دا تا ئه‌وكاته‌ی دیموكراسی به‌ته‌واوی بنیات ده‌نرێت.
له‌لای خۆیه‌وه‌، سه‌رۆكی رێكخراوی كۆنگره‌ی ئیسلامی رۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لال-ی به‌رزنرخاندو وتی: رۆڵی ئێوه‌و كاره‌كانتان له‌عیراقدا به‌رزده‌نرخێنین، كه‌به‌ژیریی پیاوی ده‌وڵه‌ت له‌چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كاندا ده‌ناسرێت.
ئاماژه‌شیكرد بۆئه‌وه‌ی سه‌قامگیری گرنگه‌ بۆ عیراق و رۆڵی له‌ناوچه‌كه‌دا، و پته‌وكردنی كاروانه‌ دیموكراسییه‌كه‌ی به‌ره‌وپێشتر.
رونیشیكرده‌وه‌ كه‌كۆنگره‌ی ئیسلامی هاریكاری حكومه‌تی عیراق ده‌كات له‌چه‌ندین رووه‌وه‌و چه‌ندین رێككه‌وتننامه‌ هه‌یه‌ كه‌پێویسته‌ ئیمزا بكرێت.
ئه‌مینداری گشتی رێكخراوه‌كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر كێشه‌یه‌ك كه‌ هه‌بێت پێویسته‌ له‌رێی گفتوگۆو به‌ژیرانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و داواكارییه‌كان مه‌رامی سیاسی و جیاوازییه‌ ئاینییه‌كانی تێكه‌ڵ نه‌كرێت.
رووناكیشی خسته‌ سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌ مرۆییه‌ی كه‌رێكخراوه‌كه‌ له‌عیراق دا به‌ئاڕاسته‌ی خزمه‌تكردنی بێ دایك و باوك و بێوه‌ژنان و بێكاران و پێویستی به‌دیهێنانی ئه‌و خزمه‌ته‌ بۆ چین و توێژه‌ جیاكان.
ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی كۆنگره‌ی ئیسلامی گرنگی رۆڵی زیندووی عیراقی له‌رێكخراوه‌ ئیسلامی و عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا دوپاتكرده‌وه‌.

به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌بۆنه‌ی به‌ جینۆساید ناساندنی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق


به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
به‌بۆنه‌ی به‌ جینۆساید ناساندنی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق

هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید
كه‌س و كاری سه‌ربه‌رزی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌
هاوڵاتیانی كوردستان
وا ئه‌مڕۆش، له‌ یادی بیست و سێهه‌مین ساڵه‌ی تاوانه‌ گه‌وره‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا، خۆێنی شه‌هیده‌كانمان له‌به‌رامبه‌ر جه‌للادانه‌كاندا سه‌ركه‌وتنێكی دیكه‌ی وه‌ده‌ست هێنا و جارێكی دیكه‌ش بكوژانی مرۆڤایه‌تی ریسوایێكی تریان پێ بڕا و جارێكی دیكه‌ش ژیان دۆستی و زوڵملێكراوانی كوردستان به‌سه‌ر مه‌رگ دۆستی و زاڵمانیدا سه‌ركه‌وت.
بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، كه‌ له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌17/3/2011 دا كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و شه‌هیدبوونی پێنج هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و شاره‌ی به‌ جینۆساید ناساند، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ ئێوه‌ ئه‌كه‌ین و سڵاوی گه‌رمی خۆشمان بۆ گیانی پاكی ئه‌و شه‌هیدانه‌و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان ئه‌نێرین.
هاووڵاتیانی به‌ڕێز
دوای ئه‌وه‌ی پێشووتر دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق، تاوانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌ جینۆساید ناساند، وا ئه‌مڕۆش ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، به‌ هه‌وڵی نوێنه‌رانتان له‌و ئه‌نجومه‌نه‌و به‌ هه‌وڵی نوێنه‌رانی مرۆڤدۆست و ئازادیخوازی تری عیراق له‌ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا، بڕیاری ناساندنی تاوانه‌كه‌یان به‌ جینۆساید په‌سندكرد، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵی بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و دانپیانانه‌ له‌ ئاستی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زا و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی عیراق سه‌ركه‌وتنی مه‌زنی وه‌ده‌ست هێناوه‌، بۆیه‌ لێره‌دا وا پێویسته‌ وێڕای سوپاسمان بۆ نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ راسته‌ عیراقی و مرۆڤانه‌یان، داوا له‌ حكومه‌تی عیراق بكه‌ین، كه‌ هه‌موو ئه‌و ئه‌ركه‌ یاساییانه‌ی له‌و باره‌وه‌ ئه‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی به‌خێرایی كاری بۆ بكا.
وه‌ك چۆن پێویسته‌ حكومه‌تی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌نده‌كانی مافپه‌روه‌ری له‌ عیراق و كوردستاندا، له‌ئاستی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانیان له‌ دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییه‌كاندا هه‌وڵه‌كانیان چڕتر بكه‌ن بۆ ناساندنی تاوانه‌كه‌ به‌ جینۆساید له‌ ئاستی نێوه‌ده‌وڵه‌تی و دامه‌زراوه‌ مافپه‌روه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌وروپی و عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كاندا.
وه‌ك چۆن داوا له‌ رێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كان و رێكخراوو دامه‌زراوه‌ مافپه‌روه‌ركانی هه‌موو جیهانیش ئه‌كه‌ین كه‌ بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ هاوكار بن، چونكه‌ ئێمه‌پێمان وایه‌ ناساندنی ئه‌و تاوانه‌ به‌ جینۆساید له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، به‌شێكه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی مافخوراوان و رێگرێكی به‌هێزیش ده‌بێت له‌به‌رده‌م هه‌ر ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تێك كه‌ وه‌ك رژێمی سه‌دام حسێن بێ په‌روا بێت له‌ئه‌نجامدانی ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌ كه‌ به‌ پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی تاوانی دژبه‌مرۆڤایه‌تی و جینۆسایدن.
جارێكی دیكه‌ش پیرۆزبایی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ له‌ هاووڵاتیانی كوردستان و عیراق و به‌تایبه‌ت له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌كه‌ین و خۆشحاڵین كه‌ ئه‌و تاوانانه‌ به‌سانایی به‌سه‌ر ئه‌نجامده‌رانیدا تێ نه‌په‌ڕیوه‌و تێ ناپه‌ڕێ.

مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
17-3-2011
سلێمانی