مالبه رى سه ره كى

الأحد، 20 فبراير، 2011

به يامى كوسرت ره سول بو جه ماوه رى كوردستان وشارى هه لمه ت و قوربانى

www.pukmedia.comبه‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بانه‌وه‌
جه‌ماوه‌ری به‌شه‌ره‌ف و تێكۆشه‌ری كوردستان.. شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی
سڵاوێكی شۆڕشگێڕانه‌ی گه‌رمتان لێبێت
سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخه‌ ناسك و هه‌ستیاره‌ی كه‌ گه‌له‌كه‌مان پێیدا تێپه‌ڕده‌بێت، پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی قاره‌مانی كوردستان هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی سه‌رشانیان بكه‌ن له‌ پاراستنی ئه‌منیه‌تی ئه‌م شاره‌ خۆشه‌ویسته‌دا كه‌ ئه‌وه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ بارودۆخی ئه‌منی شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان تێكچووه‌ و هه‌مومان نیگه‌رانین به‌م پێشهاته‌ نه‌ویستراوه‌، سه‌رئه‌نجام چه‌ند رۆژێكه‌ كاروكاسبی هاووڵاتیانی ئه‌م شاره‌ وه‌ستاوه‌و خه‌ڵكی ده‌ستی له‌سه‌ر دڵیه‌تی كه‌ جارێكی تر شه‌ڕی نه‌گریسی براكوژی رووبداته‌وه‌ كه‌ ببێته‌ هۆی ماڵوێرانی بۆ گه‌له‌كه‌مان و له‌ده‌ستدانی ئه‌و ئازادییه‌ی به‌ده‌ست هاتووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موومان هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی و پاراستنی ئازادی و ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین.
له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ هه‌موو لایه‌ك ئاگادار ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و هێزانه‌ی هێنراونه‌ته‌ سنووره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان و بڕیاریشه‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌ تایبه‌تی (یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی) له‌سه‌ر یه‌ك مێزی گفتوگۆ كۆببنه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
دیاره‌ ئێمه‌ له‌ كاتێكدا ده‌ستخۆشی له‌ گه‌لانی میسرو تونس ده‌كه‌ین و پیرۆزبایی له‌ هه‌موو ئازادیخوازانی جیهان ده‌كه‌ین به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كانیان، به‌و هیوایه‌ین ئه‌مه‌ ببێته‌ هاندانێك بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی دیموكراسی كوردستانیش قۆناغێكی دیكه‌ له‌ نوێبوونه‌وه‌و په‌ره‌سه‌ندن به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ به‌ گیانی لێبوردنه‌وه‌و لێكتر قبوڵكردن هه‌نگاوی زیاتر بنێن بۆ خزمه‌تكردنی گه‌له‌كه‌مان، دواجار ئه‌م شه‌پۆله‌ دیموكراسییه‌ی كه‌ ناوچه‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌، ده‌ڕژێته‌ خانه‌ی به‌رژوه‌ندی ئێمه‌و به‌دیهاتنی ته‌واوی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان، هه‌روه‌ها له‌ پێناوی به‌ دیهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان تێبكۆشن و وه‌كو باشووری سودان گه‌له‌كه‌مان به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین شاد بێت.

هاووڵاتیانی كوردستان.. دانیشتوانی خۆشه‌ویستی شاری سلێمانی
له‌مساڵدا بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌ڕێوه‌بچێت و هه‌موو لایه‌ك ئازادانه‌و دوور له‌ هه‌ر جۆره‌ فشارێك هه‌موومان ده‌چینه‌وه‌ به‌رده‌م سندووقه‌كانی ده‌نگدان و له‌ڕێگه‌ی ئه‌م پرۆسه‌ دیموكراسییه‌وه‌ پێویسته‌ ململانێ سیاسییه‌كان یه‌كلا بكه‌ینه‌وه‌، ته‌نها له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ته‌بایی و به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان و خزمه‌تی زیاتری هاووڵاتیان به‌ره‌و پێش ده‌چێت، بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌م له‌ڕوانگه‌ی هه‌ستكردنتان به‌ به‌رپرسیارێتی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییتان كۆتایی به‌م بارودۆخه‌ بهێنین، خوێنی رێژوانی جوانه‌مه‌رگ و قوربانییه‌كانی تر ببێته‌ هه‌وێنی ئاشتی و برایه‌تی و یه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ ژیان.
بژی كورد، بژی كوردستان
نه‌مریی و سه‌ربه‌رزیی بۆ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كان

براتان
كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی
20/2/2011

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق